رێكخراوی بیمە توێژینەوەیەك لە ژێر ناوو نیشانی (ئیكۆفێمینیزم) بە زمانی كوردی بڵاو دەكاتەوە، ئەم توێژینەوەیە لە لایەن توێژەر رێبین فەتاح ئەنجامدراوە ،لە بارەی ئیكۆفێمینیزم .
 رێكخراوی بیمە لە دیدێكی فكری سیاسی ئابووری مێژووییەوە دەڕوانێتە چوارچێوەی مافە ئابووری و كۆمەڵایەتی و ژینگەییەكان، سەرهەڵدانی ئیكۆفێمینیزم لە ناوەڕاستی دەیەی 1970دا، دابڕاو نییە لە لێكەوتەكانی سیستەمی سەرمایەداری و پیاوسالاری. لەسەروبەندی سەرهەڵدانی ئەم چەمكە و شەپۆڵێكی تازەی بزووتنەوەی فیمینستی، چەندین بزووتنەوەی دیكەی كۆمەڵایەتی سیاسی لە هەناوی نیولیبرالیزم لەدایك دەبن، بە ئامانجی پێشكەشكردنی جێگرەوەیەكی دیكەی مرۆییانە .بەرزبوونەوەی رێژەی هەژاری و بێكاری و لەدەستدانی بەشێكی مافە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان و گۆڕانەكانی كەشوهەوا هاوكاتە لەگەڵ چڕبوونەوەی زیاتری دەسەڵات و سەرمایە لە چنگی كەمینەیەك كە رێژەكەی %1 لە رێژەی گشتی كۆی دانیشتووانە!  هەرچەند بمانەوێت لە دیدێكی ناسیاسییانە بەمانا باوەكەی باسی ژینگە و ژن بكەین، ناتوانین خۆمان لابدەن لە باسكردنی سیستەمی باڵادەستی سەرمایەداری و لێكەوتەكانی .دەستبردنی رێبین فەتاح، توێژەری ئەم توێژینەوەیە بۆ پرسێكی وەها لە چوارچێوەی ئیكۆفیمینیزم بەلای رێكخراوی بیمە شایانی پاڵپشتیكردنە .  ئێمە ڕووبەڕووی بابەتێكی ناكۆك و دژیەك دەبینەوە لە نێوان شێوازی بەرهەمهێنانی سەرمایەداری و كەلتووری پیاوسالاری لە بەرانبەر پارێزگاریكردن لە ژینگە و پرسی یەكسانی ڕەگەزی. گۆڕانی كەشوهەوا و گەرمبوونی گۆی زەوی و قەیرانە ژینگەییەكان، یەكێكە لە گرنگترین خاڵی لاوازی سیستەمی سەرمایەداری لە چەرخی ئەمڕۆماندا.بەم تێگەیشتنە بوونی مرۆڤ و هەڵكشانی ژمارەی دانیشتووان لەسەر زەوی هۆكار نییە بۆ تێكچوونی زەوی، بەڵكو شێوازی بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنانەوەی كۆمەڵایەتی و شێوەی دابەشكردنی سامان و بەكارهێنان و كەڵەكەكردن و دەست بەسەرداگرتن و گۆڕانی بەها مرۆییەكان، هۆكارن بۆ گۆڕانەكانی كەشوهەوا و باڵادەستی كەلتووری پیاوسالاری .كاتێك باس لە ژینگە و ژن دەكەین، تەنیا باسێك نییە لە چوارچێوەی گۆڕینی سلوك و هۆشیاری تاك كورت بكرێتەوە، بەڵكو ئەوە راستەوخۆ پەیوەندی بە گۆڕانكاری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە هەیە لە چوارچێوەی گۆڕانكاری هەیكەلی لە پەیوەندی نێوان مرۆڤ – مرۆڤ- ژینگەدا.ئەمڕۆ دەبینین چۆن خۆشگوزەرانی پەیوەستكراوە بە مرۆڤێكی مەسروفگەرایی بەكاربەری ڕووت، لەم پێناوەشدا دەست بۆ هەموو زانستە دەرونییەكان براوە بۆ هێرشكردنە سەر ئەقڵی مرۆڤ، لەوەها سیستەمێكدا پەیوەندی نێوان مرۆڤ لەگەڵ ئەوی دی و سروشتیش، لە هەیكەلەوە دەگۆڕدرێت.هیوا عومەر - سەرۆكی رێكخراوی بیمە بۆ مافە ئابوری و كۆمەڵایەتییەكان12/11/2022بۆ خوێندنەوەی دەقی توێژینەوەكە  بە زمانی كوردی  كلیك لەم بەستەرەی خوارەوە (PDF) بكە .