گوتەبێژی دەستەی پاراستن و ژینگەی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە هەرێمی کوردستاندا 150 پاڵاوگەی نەوت هەبوون و لە ژمارەیەش دوو بۆ سێ پاڵاوگەیان مۆڵەتدارن و دەشڵێت، زۆرترین پاڵەوگە لە ناوچەی کواشێ لە پارێزگای دهۆکە و مەترسی لەسەر دۆخی ژینگەی پارێزگاکەدا دروستکردووە و دوور لە هەموو ستاندارد و کۆنترۆڵێک کار دەکەن.

عەبدولڕەزاق خەیلانی، گوتەبێژی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، هۆکارەکانی پیسبوونی هەوا زۆرن، بەڵام لە ئۆتۆمبێل و دووکەڵی موەلیدەکانی کارەبا و پاڵاوگەکانی نەوتن، ئەمە جگە لەوەی وشکەساڵی کاریگەرییەکی خراپی هەبووە لەسەر پیسکردنی ژینگە.

گوتەبێژی دەستەی ژینگە خراپی کوالێتی گازوایلی ئیشپێکردنی موەلیدەکانی کارەبا بەهۆکارێک دەزانێت بۆ زیاتر پیسبوونی هەواو و ژینگەی شارەکان و دەڵێت، "ئەو گازوایلەی بۆ موەلیدەکان بەکاردەهێنرێت مەترسیدارە و کوالێتییەکەی باش نییە."

عەبدولڕەزاق خەیلانی گوتیشی؛ زۆرترین پاڵەوگە لە ناوچەی کواشێ لە پارێزگای دهۆکە و مەترسی لەسەر دۆخی ژینگەی پارێزگاکەدا دروستکردووە و دوور لە هەموو ستاندارد و کۆنترۆڵێک کار دەکەن.

سەبارەت بە رێنوێنییەکانی دەستەی ژینگە بۆ پاڵاوگەکانی نەوت، عەبدولڕەزاق خەیلانی ئاماژەی بەوەکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان کۆمەڵێک رێنمایی یەکگرتووی هەیە و دەبێت هەموو پاڵاوگەکانی نەوت خۆیان بگونجێنن لەگەڵ رێنماییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا.

لەبارەی ژمارەی پاڵاوگەکانەوە، گوتەبێژی دەستەی ژینگە باسی لەوەکرد، هەموو پاڵاوگەکان لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 150 پاڵاوگەیە و لەو ژمارەیەش 3 پاڵاوگەیان مۆڵەتیان هەیە و ئەوی دیکەی بێ مۆڵەتن.

عەبدولڕەزاق خەیلانی دەشڵێت، تاوەکو ئێستا لە هەولێردا وێستگەی تایبەتمەند نییە بۆ شیکردنەوەی هەوا، ئەوەی بزانرێت رێژەی پیسبوونی هەوا چەندە، هەروەک نەبوونی گواستنەوەی گشتی بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی پیسبوونی ژینگە دەزانێت.

لە هەرێمی کوردستاندا هەر کۆمپانیایەک بیەوێت پرۆژەیەکی نیشتەجێبوون ئەنجامبدات، دەبێت رێژەی 25٪ی رووبەری پرۆژەکەی بکاتە سەوزایی و ئەگەر لە پرۆژەکەیشیدا نەیتوانی ئەو رێژەیە بکاتە سەوزایی ئەوا دەبێت ئەو رێژە سەوزاییە هەر بچێنێت.

لەبارەی رێژەی سەوزایی لە شارەکانی هەرێمی کوردستان، عەبدولڕەزاق خەیلانی ئاماژەی بەوەکرد، بەگوێرەی ستاندارد نابێت رێژەی سەوزایی لە 15٪ کەمتر بێت، رێژەی سەوزایی لە شارەکانی هەرێمی کوردستانیش لە سلێمانی 19٪ـە و لە هەولێر 15٪ و دهۆک 13٪یە.

رووداو - رادیۆ