سۆران حمەعلی احمد....
لە کوردستاندا چەند پڵنگێکی کەم بوونیان
هەیە کە ئەستەمە لەبەر نەبوونی زانیاری و توێژینەوەی ورد بتوانرێت ژمارەیان دیاری بکرێت. چەند هۆکارێک وای کردووە کە پڵنگ لە کوردستاندا هەبێت کە بریتین لەمانەی خوارەوە:
 
١- لەباری نیشینگەی ژینگەیی .کوردستان ناوچەی زۆری تێدایە کە گونجاوە بۆ ئەوەی پڵنگ تێیدا بژی.
 
۲- لێ هاتویی پڵنگ و توانی خۆ گونجاندنی. پڵنگ ئاژەڵێکی لێهاتو زیرەکە، سەرچاوەی جیاوازی خۆراک بەکاردەهێنێت و لە چەندین نیشینگەی ژینگەیی جیاواز دەتوانێت بژی. 
 
۳- هاوسنوری لەگەڵ وڵاتی ئێران. ئەم جۆرە پڵنگەی لە کوردستان هەیە بە پڵنگی فارسی ناسراوە، زۆرترین ڕێژەی لە وڵاتی ئێراندا هەیە. بەو پێیەی کوردستان هاوسنورە لەگەڵ ئێراندا و پڵنگیش دەتوانێت نزیکەی ۱٥۰ کم بگەڕێت دەکرێت لە ئێرانەوە بەردەوام بە تایبەت ئەو پڵنگە نێرانەی کە تازە لە دایکیان جیا دەبنەوە ڕو لە کوردستان بکەن بۆ دیاریکردنی ناوچەگەرێتی خۆیان.
 
مەترسیەکانی سەر پڵنگ لە کوردستان:
 
بەگشتی پڵنگ لە کوردستاندا ئەم مەترسیانەی لەسەرە.
 
۱- کوشتنیان 
٢- کەمبوونەوەو ڕاوکردنی نێچیرەکانیان لە لایەن مرۆڤەوە
۳- کەمبونەوەی ڕوبەری دارستانەکان و نیشینگەی ژینگەی و دابەشبونی نیشینگە ژینگەییەکانیان.
٤- کەمبونەوەی سەرچاوەی ئاو لە وەرزی هاویندا.
 
بۆچی گرنگە پڵنگ بپارێزرێت؟
 
پڵنگەکان لە بەشی سەرەوەی هەڕەمی خۆراکدان، دەورێکی گرنگیان هەیە لە کۆنترۆڵکردنی ڕێژەی ئاژەڵەکانی تری وەک بەراز و گورگ و چەقەڵ ..... هتد.  باڵانسی ژینگەیی ڕا دەگرن، کەمکردنەوەی نەخۆشی بە تایبەت نەخۆشیە گوازراوەکان لەناو ئاژەڵاندا و وە گواستنەوەی بۆ مرۆڤ. سەرباری ئەوەی ئاژەڵێکی جوانەو بەشێکە لە کلتوروو شوناسی نەتەوەی کورد. پڵنگ مەترسی لەناوچونی لەسەرە و پێویستە بپارێزرێت.
 
پڵنگ لە کوردستاندا چۆن پارێزگاری لێ دەکرێت و لە چ ئاستێکە؟
 
١- لە کوردستاندا، هۆکاری سەرەکی پارێزگاریکردن لە پڵنگ و مانەوەی خەڵکی ئەو ناوچانەن کە پڵنگی لێیە. خەڵکی لادێکان زۆرترین بەرکەوتەیان هەیە لەگەڵ پڵنگەکان کە زۆرینەی زۆریان ئەگەر چەکیشیان پێبێ نایانکوژن و پێیان خۆشە پڵنگ لە ناوچەکانیان هەبێت و شانازی پێوە دەکەن.
 
٢- ڕۆڵی میدیا. میدیا دەتوانێت ڕۆڵێکی باش ببینێت بەڵام وەک پێویست نەبووە و لە ئاستێکی زۆر کەمدایە.
 
۳- پەروەردە. دەتوانێت ڕۆڵێکی باش ببینێت بەڵام وەک پێویست نەبووە و لە ئاستێکی زۆر کەمدایە.
 
٥- ڕۆلی دامەزراوە حوکمیەکان. لە ئاستێکی باشدا نیە.
 
٤- ڕۆڵی ڕێکخراوە ژینگەیەکان و چالاکوانانی بواری ژینگە. لە ئاستێکی باشدا نیە.
 
چی بکرێت بۆ پاراستنیان؟
 
باشترین ڕێگەچارە بریتیە لە دروستکردنی ناوچەی پارێزراوی سروشتی و بەڕێوەبردنی بەشێوەیەکی باش و سەردەمیانە بە هەماهەنگی لە نێوان حوکمەت و ڕێکخراوە ژینگەیەکان و خەڵکدا. 
 
تێبینی: تۆمارکردنی وێنەی ئەم پڵنگە جوهدێکی زۆری ویستوە، بەڵام بە مانای ئەوە نایە کە من ئەم پڵنگەم پاراستوە چونکە بەبەر کامێراکەمدا ڕۆشتوە!
 ئەو کەسە پاراستویەتی کە توانیویەتی بیکوژێت بەڵام ویژدانی هەبووە و  نەیکوشتوە، ئەو کەسە پاراستویەتی کە مەڕو ماڵەتەکەی خواردووە بەڵام ئەم وتویەتی ڕسقی خۆیەتی و تەڵەی بۆ دا نەناوە وەک پڵنگەکەی باتیڤا ی لێ بکات! ئەو کەسە پاراستویەتی کە ئامادە نیە لەبەرامبەر بڕێک مادە   بیکوژێت و کەوڵەکەی بفرۆشێت.
 
سۆران حمەعلی احمد 
    ‌                                                       ١٠/١٢/٢٠٢٢

هاوبەشەكانمان