هەژار ئەنوەر...

لەمرۆدا هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی مەترسییەكی گەورەی شێرپەنجە و پیسبوونی ژینگە بۆتەوە، پاڵاوگە نایاساییەكان رۆژ دوای رۆژ هاوڵاتیان هەراسان دەكەن.

بەگوێرەی زانیارییەكان لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 500 پاڵاگەوتی گۆڕەپانی تێكەڵكردنی پێهكاتەكانی نەوتی هەیە، كە نە مۆڵەتیان هەیە و نە لەژێر چاودێریدان، كە كۆمەڵێك ماددەی كیمیاوی و نەفتە و ڕۆنی ڕەش تێكەڵ دەكەن، دواجار دوو كەڵەكەیان ژەهراوییە.

عەلی حمە ساڵح سەرۆكی لێژنەی وزە و سامانە سرووشتییەكان و بازرگانی و پیشەسازی لە پەرلەمانی كوردستان ڕاگەیاند وەك لێژنەكەیان چەندین یاداشتمان داوە بە حكومەت، بەڵام هیچی جێبەجێ‌ ناكرێت، گرفتەكە لەوەیە ئەو گازوایلەی هەیە، فەرمییە و بێ‌ كێشەیە و بەفەرمی دەچێتە دەرەوە، لەناوخۆ ڕۆژانە پێنج ملیۆن لیتر بۆ مۆلیدە و ئۆتۆمبێل پێویستە لە تێكەڵكردنی ئەو مادانەی مەترسیدارانەی دەیكەن، لەهەمانكاتدا تێكەڵكردنی بەنزینیشە لە گۆڕەپانەكان دەكرێت لەگەڵ نەفتە و ئێن تی بی و بەرزكردنەوەی ئۆكتان.

سەبارەت بەوەی بۆچی تاوەكو ئێستا حكومەتی هەرێمی كوردستان ئیجرائات لەگەڵ ئەم هەمووە پاڵاوگە نایاساییانە ناكات، لەوەڵامدا، عەلی حمە ساڵح وتی: "ئێمەش چەندین ساڵە دەمانەوێت، وەڵامی ئەم پرسیارە وەربگرینەوە لەلایەن حكومەت، بەڵام وەڵاممان نادەنەوە".

لە دەوروبەری شاری هەولێر لە چوار لایەوە پاڵاوگە هەیە، لە ڕێگای هەولێر ــ خەبات، هەولێر ــ گوێر، هەولێرــ شەمامك، قوشتەپە ــ پردێ‌، كە ژمارەیان زیاترە لە 98 پاڵاوگە و مۆڵەتیان نییە و بەجۆرێك بوونەتە مەترسییەكی گەورە بۆسەر شارەكەو چەندینجار لایەنە پەیوەندیدارەكان ئاگاداركراونەتەوە.

لەیلا محەمەد بەرپرسی هۆشیاری و ڕاگەیاندن لە فەرمانگەی ژینگەی هەولێر وتی : ئەم پاڵاوگانە كاریگەری و مەترسییەكی زۆر خراپیان لەسەر ژینگەی شاری هەولێر دروستكردووە و هۆكاری سەرەكی نەخۆشی شێرپەنجەن، بۆیە پێویستە پارێزگا و قائیمقامیەتی هەولێر هاوكاربن لەگەڵ دەستەی ژینگەی هەولێر بۆ داخستنیان.

بەرپرسی هۆشیاری و ڕاگەیاندن لە فەرمانگەی ژینگەی هەولێر، باسی لەوەشكرد كە جگە پالاوگەكان كەمتر لە 20كم لە سەنتەری شارەوە دوورن، ئەمە جگە لەم دوورییە بوونەتە جێگای مەترسی، كاتێك گاز و بەنزین بەرهەمدێنن، ڕاستەوخۆ ئەم مەترسییانە دەگوزانەوە بۆ سەنتەری شارەكان لە ڕێگەی دابەشكردنی گازوایل بەسەر مۆلیدەی گەڕەكەكان.

لەیلا محەمەد ئاشكرایدەكات كە تەنها پاڵاوگەكانی لاناز و كار مۆڵەتیان هەیە ئەوانیش ڕۆژانە لەلایەن تیمەكانیاەوە چاودێری دەكرێن بۆ ئەوەی بزانن تاچەند پابەندی ڕێنماییەكانی ژینگەپارێزی دەبن، لەبەرامبەردا نزیكەی 98 پاڵاوگەی بێ مۆڵەت و نایاسایی هەیە.

لە یاسای نەوتی و گازی هەرێمی كوردستان ژمارە 22ی ساڵی 2007ی پەرلەمانی كوردستان، ئاماژە بە دامەزراندنی كۆمپانیای نیشتمانی پاڵاوتن دەكات، بەڵام ئێستا پانزە ساڵ تێدەپەڕێت تاوەكو ئێستا ئەم كۆمپانیاییە دانەمەزراوە.

ڕێبین فەتاح شارەزا لە بوارەكانی سامانە سروشتییەكان و چاودێری ژینگەیی لە رێكخراوی بیمە  ڕاگەیاند كە لە هەرێمی كوردستان زیاتر لە 200 پاڵاوگەی نایاسایی هەیە، كە بەشێكیان پێش دامەزراندنی وەزارەتی سامانە سروشتییەكان هەبوونەو بەشەكەی تریش دوای دامەزراندنی ئەم وەزارەتە بووە، ئەوانەی مۆڵەتیان هەیە نزیكەی پێنج پاڵاوگە دەبێت.

ئەو شارەزاییەی بواری سامانە سروشتییەكان، باسی لەوەشكرد كە هۆكاری بوونی ئەم هەموو پاڵاوگە نایاسایانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە حكومەتی هەرێم شكتی هێناوە لە پەرەپێدانی كەرتی پاڵاوتن بەشێوەیەكی ستاندارد.

ڕێبین فەتاح دەڵێت :" ئەم پاڵاوگە نایاساییانە، سەرچاوەیەكن بۆ ساغكردنەوەی نەوتی قاچاخو دزراو، بۆیە ئەگەر سەیر بكەین ئەو ژمارانەی لەماوەی پێنج ساڵی ڕابردوو تاوەكو ئێستا ڕاگەیاندراوە لەبارەی داخستنی پاڵاوگەكان، ئێستا دوو هێندە زیادیكردووە.

لەسەرەتای مانگی ئەیلولی ساڵی 2015، وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێم، بڕیاریدا بەداخستنی سەرجەم پاڵاوگەكانی هەرێمی كوردستان، تەنها مۆڵەت بداتە 26 پاڵاوگە ئەوانیش دوای هەڵسەنگاندنیان، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ یەكێك لە پاڵاوگە نایاسایی و بێ مۆڵەتەكان دانەخراون، ئەگەریش داخرابن بەشێوەیەكی كاتی بووە.

هاوبەشەكانمان