محەمەد چاوشین/ قەڵادزێ
(١١ى دیسامبر)ى هەموو ساڵێک بە ڕۆژى جیهانیى شاخ  ناوزەد کرواوە. ئەم ناولێنانەش لە ٥٧مین دانیشتنى ئەندامانى ڕێکخراوى نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵى (٢٠٠٢) سەرچاوەى گرتووە.
ڕۆژى جیهانیى شاخ ڕۆژێکى جیهانییە و تەنها پەیوەندیدار نییە بە چین و توێژێکى دیاریکراوى ناو کۆمەڵگاوە، بەڵکوو پەیوەندى بە سەرجەم دەوڵەتانى جیهان و چین و توێژە جۆراوجۆرەکانى کۆمەڵگاوە هەیە. 
ئەو ڕۆژە ناکرێ تەنها لە یەک ڕەهەندەوە تەماشاى بکەین و بیخوێنینەوە، بەڵکوو ڕۆژێکى فرە ڕەهەندە و پەیوەندى بە زۆربوارى گرنگى وەکوو(ژینگەیى، ئابووریى، کولتووریى، وەرزشى، تەندرووستى، کەشوهەوا و هتد...)ەوە هەیە.
بەداخەوە!، بەشێکى زۆرى شاخەوانان و گرووپەکانى شاخەوانیى لە کوردستان بەهەڵە لە ڕۆژى جیهانیى شاخ تێگەیشتوون!. بەشێکى شاخەوانان پێیان وایە ڕۆژى جیهانیى شاخ تەنها بۆ شاخەوانان و ئارەزوومەندانى ئەو بوارەیە!. 
تەنانەت بەشێکى زۆرى شاخەوانان و گرووپەکانى شاخەوانیى ئەوڕۆژە بە (ڕۆژى جیهانیى شاخەوانیى) ناودەبەن!.  لەکاتێکدا ئەوەش تێگەیشتنێکى هەڵەیە، ڕۆژى جیهانیى شاخ بۆ هەموو مرۆڤێکى سەر گۆى زەوی و دەوڵەتانى دنیاوە هەیە نەک تەنها بۆ شاخەوانان!.
 
کاکڵەى سەرەکى بابەتەکە و دیاریکردنى ئەو ڕۆژە، بۆ نیشاندانى  گرنگى و بایەخى ناوچە شاخاوى و کوێستانییەکانە لەپێش چاوى دانیشتوانى گۆى زەوى.
 
ڕێکخراوى خۆراک و کاروبارى کشتوکاڵى جیهانیى(فاو -  FAO) کە لە وڵاتانى شاخاویدا سەرپەرشتى زۆرێک لە کار و چالاکى تایبەت بەو ڕۆژە دەکات،  مەبەستى ئەوەیە بایەخە زۆر و زەوەندەکانى شاخەکان لەبەرچاوى کۆمەڵگاى مرۆڤایەتى تۆخ بکاتەوە و  بە جیهان بڵێت:
 
• شاخەکان سەرچاوەیەکى گرنگن بۆ دابینکردنى ئاوى شیرین و پاک بۆ دانیشتوانى گۆى زەوى. 
 
• شاخەکان سەرچاوەى گۆڕانکارى و ڕێکخستنى گۆڕانکارییەکانى کەشوهەوان لە وەرزە جیاوازەکانى ساڵدا.
 
•  شاخەکان و ناوچە کوێستانییەکان شوێنى ژیانى جۆرەها گیان لەبەر و باڵندە و زیندەوەرن کە لە پێدەشتەکاندا لەناو چوون و لە ئێستادا  شاخەکان بوونەتە پەناگەیەکى گرنگ و بۆ ژیان و مانەوەیان.
  
• شاخ و ناوچە کوێستانییەکان بایەخێکی گەورەی تەندرووستی(جەستەیى – دەروونیى)، پزیشکیی، ئیکۆنۆمی، ژینگەیی و وەرزشییان لە ژیانی مرۆڤایەتیدا ھەیە.
 
• شاخ و ناوچە کوێستانییەکان بوونەتە شوێنى نیشتەجێ بوونى ملیۆنان مرۆڤ کە ڕۆڵێکى گەورەیان لەبوارى فرە کولتووریى، گەشەپێدانى زمانە ناوچەییەکان، و پەرەپێدانى  ئاژەڵدارى و هەنگەوانیى و زۆر بوارى ترى ئابووریدا  هەیە.
 
• هەروەها شاخەکان و ناوچە کوێستانییەکان سەرچاوەى کانزا بەنرخەکان و  چەندین سەرچاوە و سامانى سرووشتین کە بوونەتە داینەمۆ و هەڵسوڕێنەرى سوکانى ئابووریى وڵاتانى دنیا و سەرچاوەى ژیانى بەشێکى زۆرى دانشتوانى گۆى زەوى.
 
بەهۆى ئەو فاکتەرانە و دەیان فاکتەرى دیکە کە لێرەدا بوارى باسکردنیان نییە، ڕێکخراوى نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆژێکى لەساڵدا بەناوى شاخەکانەوە کردووە و ڕێکخراوێکى گەورەى وەکوو (ڕێکخراوى فاو)یشى ڕاسپاردووە کە بەشێوەیەکى بەربڵاو کار لەسەر ناساندنى ئەو ڕۆژە لەناو دانیشتوانى گۆى زەویدا بکات و سەرنجى جیهانیان بە ئاقارى گرنگى شاخەکان ڕابکێشێت.
 
هەربۆیە، ڕۆژى جیهانیى شاخ تەنها پەیوەندار نییە بە توێژى شاخەوانانەوە، بەڵکوو لە ڕێکخراوێکى جیهانییەوە بۆ هەموو کۆمەڵگاى مرۆڤایەتییە.
 
بێگوومان شاخەوانانیش کە بەرکەوتەى ڕاستەوخۆیان لەگەڵ سرووشت و ناوچە شاخاویى و کوێستانەکانەوە هەیە، دەبێ لەپێش هەمووان لە مەرام و پەیام و مەبەستەکانى ئەو ڕۆژە گرنگە تێبگەن و نەک بە خشکەیى و بێ هیچ  بایەخ پێدانێک بەبن گوێچکەماندا تێپەڕ ببێت!. 
 
• قەڵادزێ
11ى دیسامبەرى 2022

هاوبەشەكانمان