كەمپینی# بەیەكەوە دەتوانین ژینگەو ژیانمان بپارێزینهەرچەند پشكنینەكانی لایەنە پەیوەندیدارەكان لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێداگیری لەسەر ئەوە دەكەن، هێشتا هەوای هەرێمی كوردستان بەگشتی و هەوای هەولێر بەتایبەت بەڕادەی مەترسیدار پیس نەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پشكنینەكان دەریدەخەن هەوای هەولێر بەگشتی پاك نییە و بەڵكو بەرەو پیسبوونی مەترسیدار دەچێت. ئەنجامەكانی پیسبوونەكانی هەوا كە لە ناوەندی شاری هەولێر وەرگیراون، بەتایبەت لە ناوچە قەرەباڵغەكان بەهۆی ئۆتۆمبێل و لە چەند كاتێكی دیاریكراودا، پیسبوونی هەوا بە ڕادەیەكی زۆر پیشان دەدەن.چەند هۆكارێك كاریگەرییان لەسەر پیسبوونی هەوای شارەكانی هەرێمی كوردستان بەگشتی، هەیە. لەدرێژەی ئەم راپۆرتە هەندێكیان باس دەكەین، بۆ خوێندنەوەی تەواوی راپۆرتەكە ئەم بەستەرەبكەرەوە

راپۆرتی چاودێری ژینگەیی بە pdf

پیسبوونی هەواى كوردستان

هەڵمەتی

# بەیەكەوە دەتوانین ژینگەو ژیانمان بپارێزین

هەرچەند پشکنینەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێداگیری لەسەر ئەوە دەکەن، هێشتا هەوای هەرێمی کوردستان بەگشتی و هەوای هەولێر بەتایبەت بەڕادەی مەترسیدار پیس نەبووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پشکنینەکان دەریدەخەن هەوای هەولێر بەگشتی پاک نییە و بەڵکو بەرەو پیسبوونی مەترسیدار دەچێت. ئەنجامەکانی پیسبوونەکانی هەوا کە لە ناوەندی شاری هەولێر وەرگیراون، بەتایبەت لە ناوچە قەرەباڵغەکان بەهۆی ئۆتۆمبێل و لە چەند کاتێکی دیاریکراودا، پیسبوونی هەوا بە ڕادەیەکی زۆر پیشان دەدەن.
چەند هۆکارێک کاریگەرییان لەسەر پیسبوونی هەوای شارەکانی هەرێمی کوردستان بەگشتی، هەیە. لە خوارەوە هەندێکیان باس دەکەین.

دیمەنێکی ئاسمانی شاری هەولێر لەکاتی خۆرئاوابووندا.

  • پاڵاوگەکانی نەوت

زیاتر لە ٢٠٠ پاڵاوگەی نایاسایی لە سنووری پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی هەن، تەنیا لە پارێزگای هەولێر سەرووی ١٠٠ پاڵاوگەی نایاسایی هەیە، کە لە دەرەوەی هەر مەرج و ڕێوشوێنێکی ژینگەیی کار دەکەن. پاڵاوگەکانی نەوت بەسادەیی لە مەنجەڵێکی گەورەی کوڵاندن دەچن، بەهۆی ناستانداردییانەوە، سەرچاوەی دەردانی چەندین گازی ژەهراوی و ترسناکن بۆ ناو هەوا.

پاشماوەی نەوتی لە پاڵاوگەیەکی نەوتدا.

ڕاپۆرتە ژینگەییەکان دووپات لەوە دەکەنەوە، کە گرنگترین پیسکەرەکانی دەرهاوشێتەی پیشەسازی نەوت بریتییە لە هایدرۆکاربۆنات و ئاوێتەی گۆگرد (ئۆکسیدی گۆگرد و هایدرۆگۆگرد)، هەروەها یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن و تەنۆلکەی هەڵواسراو و لەگەڵ ئەوانەشدا گۆگردی هایدرۆجین (H2S).

جگەلە چەندین بڕیاری داخستن و سزادانی پاڵاوگە نایاساییەکان لەلایەن لیژنەکانی ژینگە و حکوومەتی خۆجێی هەولێر و دهۆک، لە ئەیلوولی ٢٠١٥ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بڕیاری لەسەر داخستنی پاڵاوگە نایاساییەکان دەرکرد و لیستێکی بەناوی (١٩٠) پاڵاوگەی نەوت بڵاو کردەوە و دووپاتی کردەوە، جگەلە (٢٦) پاڵاوگەی نەوت کە دەرفەتی کارکردن و مۆڵەتی پێدان، دەبێت تەواوی پاڵاوگە نایاساییەکانی دیکە دابخرێن. لە ساڵی ٢٠١٨یشدا ئەنجوومەنی هەرێمی نەوت و گازی کوردستان بڕیاری لەسەر داخستن و چارەسەرکردنی کێشەی پاڵاوگە نایاساییەکان دەرکردەوە، بەڵام ئەوکات و ئێستایش پاڵاوگەکان چارەسەر نەکران و وەک خۆیان مانەوە.

هەر لە ئەیلوولی ٢٠١٥دا، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تەندەری دروستکردنی سێ پاڵاوگەی ستاندارد و گەورەی لە هەولێر، دهۆک و سلێمانی راگەیاند، بەمەبەستی دابینکردنی بەرهەمەکانی نەوتی و دەربازبوون لە پاڵاوگە نایاساییەکان، بەڵام هیچ پاڵاوگەیەکی ستاندارد دروست نەکرا و ئەنجامی تەندەرەکەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بەبێدەنگ مایەوە.

پاڵاوگە نایاساییەکان کە پاڵاوگەی دژەژینگەن، گازوایل بۆ مۆلیدەکانی کارەبا و بەکاربردنی دیکەی ناوخۆیی دابین دەکەن، لەکاتێکدا حکوومەت نەیتوانیوە لەڕێگەی پەرەپێدانی کەرتی پاڵاوتنەوە، پێشکەوتنی تەواو لەو بوارەدا بەدەست بهێنێت و بەرهەمی پاڵاوگەی ستاندارد جێگەی پاڵاوگە نایاساییەکان بگرێتەوە. لەبەر ئەوە پاڵاوگە نایاساییەکان وەک پێویستییەک بۆ حکوومەتی هەرێم ماونەتەوە.

جگە لە پاڵاوگەکانی نەوت، چەندین کارگە و پاڵاوگەی دیکەی تایبەت بە ڕۆنی ئۆتۆمبێل لە سنووری شارەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە، لانیکەم پێنج پاڵاوگەی ڕۆن لە سنووری پارێزگای هەولێر تۆمار کراوە، وەک کارگەکانی سنووری کەسنەزان، قوشتەپە و کۆیە لە سنووری پارێزگای هەولێردا، کە ڕۆنی کۆن و پیسی ئۆتۆمبێل جارێکی دی پاک دەکەنەوە.

پاڵاوگەکانی دووبارە پاککردنەوەی ڕۆن ئەگەر بە شێوەیەکی ستاندارد کار بکەن، خزمەتێکی زۆر بە ژینگەی کوردستان دەکەن، چونکە ئەرکی ئەو پاڵاوگەیانە، دووبارە بەکارهێنانەوەی بەرهەمەکانی ڕۆنی پیس و  بەکارهاتووە، کە وا دەکات ڕۆنەکە لەبری ئەوەی فڕێ بدرێت، جارێکی دی توانای بەکارهێنانەوەی هەبێت، لەڕێگەی دووبارە پاککردنەوە لە پاڵاوگەکاندا.

لانیکەم دوو کێشەی پێوەست بە پاڵاوگە یان کارگەکانی ڕۆنی ئۆتۆمبێل لەڕووی ژینگەییەوە تێبینی دەکرێت، یەکەمیان پەیوەندی بە کوالێتی کارگە و ئامێرەکانەوە هەیە کە ناستانداردن و سەرچاوەن بۆ پیسکردنی ژینگە؛ دووەمیان پەیوەستە بەو جۆرە ڕۆنەی بەرهەمی دێنن کە بەدواداچوونەکان جەخت لە کوالێتی نزمی ڕۆنەکە دەکەنەوە و ئەوەش جارێکی دی کاریگەری نەرێنی لەسەر ژینگە دروست دەکاتەوە.

لەبەر ئەوەی کارگەکان لە بنەڕەتدا بەبێ هەبوونی مۆڵەتی ژینگەیی دامەزراون، لەبەر ئەوە لە شوێنی دامەزراندنیشیاندا ڕەچاوی ڕێوشوێنی ژینگەیی نەکراوە، وەک دووری و نزیکی لە ناوچەکانی دانیشتووان و ئاراستەی با و ... هتد، بەڵکو هەندێکیان لەناوچەکانی نیشتەجێبوون بە تەواوەتی نزیکن.

٢. ئۆتۆمبێل

تا دێت ژمارە ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستاندا بەگشتی هەڵدەکشێت. هۆکارەکە بۆ شکستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی هێڵەکانی گواستنەوەی گشتی دەگەڕێتەوە. نەبوونی هێڵەکانی گواستنەوەی گشتی، نەک هەر بووەتە هۆکاری هەڵکشانی لە ڕادەبەدەری بەکارهێنانی ئۆتۆمبێلی تایبەت، بەڵکو دروستبوونی قەرەباڵغی زۆر لە ناوەندی شارەکاندا، کە وا دەکات ئۆتۆمبێلەکان بڕێکی زیاتر لە سووتەمەنی بەکاربێنن.

سووتاندنی بەنزین یەکێک لە هۆکارەکانی دزەکردن و هەڵکشانی ڕادەی قورقوشەمە لە هەوادا. ڕاپۆرتە ژینگەییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئۆتۆمبێل سەرچاوەی دەردانی گازەکانی وەک یەکە ئۆکسیدی کاربۆن، دووانە ئۆکسیدی کاربۆن، ئۆکسیدەکانی نایترۆجین و دوانە ئۆکسیدی گۆگرد (No, So2, Co, Co2) و تەنۆلکە هەڵواسراوەکان و چەندانی دیکەیە.

بەگوێرەی داتا فەرمییەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان، تا کۆتایی حوزەیرانی ٢٠٢٢، بەدیاریکراوی دوو ملیۆن و ٢٠ هەزار و ٦٧٢ ئۆتۆمبێل لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان تۆمار کراوە و بەو پێیەش هەر سێ کەس لە هەرێمی کوردستاندا ئۆتۆمبێلێکی بەردەکەوێت. زۆرترین ئۆتۆمبێل لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر تۆمار کراوە کە ملیۆنێک و ٤٠ هەزار و ٥١٦ ئۆتۆمبێلە، پاشان پارێزگای سلێمانی سەرووی ٦٠٠ هەزار ئۆتۆمبێل و لە پلەی سێیەمیشدا پارێزگای دهۆک کە زیاتر لە ٢٩٠ هەزار ئۆتۆمبێلی تێدا تۆمار کراوە، جگەلە هەزاران ئۆتۆمبێلی دی کە لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆ لە گەرمیان و سۆران تۆمار کراون.

داتاکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی هاتووچۆی هەرێمی کوردستان ئاماژە بە هەڵکشانی خێرای ژمارەی ئۆتۆمبێل دەدەن، لەکاتێکدا مانگانە زیاتر لە ١٠ هەزار ئۆتۆمبێل لە کوردستان تۆمار دەکرێت و تەنیا لە ساڵی ڕابردوودا، زیاتر لە ١٢٨ هەزار ئۆتۆمبێل لە هەرێمی کوردستاندا تۆمار کراوە. ئەو ژمارە زۆرەی هاوردەکردن و تۆمارکردنی نوێی ئۆتۆمبێل، ژمارەی ئۆتۆمبێل بەگشتی زیاتر و زیاتر دەکات.

هەڵکشانی ژمارەی ئۆتۆمبێل ڕاستەوخۆ بۆ شکست و پاشەکشەی حکوومەتی هەرێم لە دابینکردنی گواستنەوەی گشتی دەگەڕێتەوە. لەبەر ئەوە تێبینی دەکەین زیاتر لە نیوەی ئۆتۆمبێلی تۆمارکراو لە هەرێمی کوردستاندا ئۆتۆمبێلی تایبەتە.

لەوبارەیەوە عه‌مید ئه‌سعه‌د مه‌لا كه‌ریم به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شی پلاندانان و ئامار له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی هاتوچۆی هه‌رێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، "بە داخەوە تا ئێستا گواستنەوەی گشتیی وەكو پێویست نییە و لە ساڵانی هەشتاكان گواستنەوەی گشتی لە ئێستا پێشكەوتووتر بوو، هەرچەندە ئێستا بە هۆی ئەو پێشكەوتنە بەرچاوەی لە جیهاندا ڕووی داوە، گواستنەوەی گشتی زۆر پێشكەوتوو لە دنیادا بە كار دێت. كاتی خۆی لە هەرێمی كوردستان پاس هەبوو كە بۆ نێو شار و گەڕەكەكان تایبەت کرابوو. ئێمە پێمان باشە حكومەتی هەرێم و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان گرنگییەكی تەواو بە گواستنەوەی گشتی بدەن و سوود له‌و پێشكەوتنە جیهانییە وه‌ربگرن و لەبری زیادبوونی ئۆتۆمبێل، کار لەسەر دانانی میترۆ و شەمەندەفەر و پاسی پێشکەوتوو بکەن".

خراپی کوالێتی و ئۆکاتنی بەنزینەکە هۆکارە لە دروستکردنی بڕی زیاتر قورقوشم و بەدڵنیایی یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی بەنزین و سووتەمەنی بەکارهێنراو لە هەرێمی کوردستاندا، خراپی کوالێتی و نزمی ئۆکتانەکەیەتی. لەکاتێکدا سووتاندنی بەنزین بە سەرچاوەی سەرەکی قورقوشم لە هەوا دادەنرێت، بەدڵنیایی قەرەباڵغی و زۆری ژمارەی ئۆتۆمبێل وا دەکات بڕێکی زیاتر لە قورقوشم لە هەوادا بڵاو ببێتەوە.

ئۆتۆمبێلی تۆمارکراوی نوێ لە هەرێمی کوردستاندا

ساڵ

هەولێر

سلێمانی

دهۆک

کۆ

٢٠١٤

٤٦١٩٣

٣٦٤٢٦

١٩٩٢٩

١٠٢٥٤٨

٢٠١٥

٢٩١٥٤

٢٢٢٣٧

١٠٦٢٧

٦٢٠١٨

٢٠١٦

٢٤٨٤٦

١٣٨٧٣

٦٠٢٩

٤٤٧٤٨

٢٠١٧

٤٤٤٤٢

٢٥٠٥٦

١٠٧٦٦

٨٠٢٦٤

٢٠١٨

 

 

 

١٠٠٠٠٠

٢٠١٩

٩٩٣٨٣

٥٢٤٧٤

٢٠٧٨٣

١٧٢٦٤٠

٢٠٢٠

٥٧٦٢٩

٢٦٩٨٢

١٢٣٦٥

٩٦٩٧٦

٢٠٢١

 

 

 

١٢٨٠٠٠

کۆ

 

 

 

٧٨٧١٩٤

داتای ساڵی ٢٠١٨، بە خەمڵاندن دیاریکراوە.

لەماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا، بەدەوری ٨٠٠ هەزار ئۆتۆمبێلی نوێ لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتوچۆی هەرێمی کوردستاندا تۆمار کراوە. کەمترین ژمارەی ئۆتۆمبێل لەماوەی ساڵانی ٢٠١٥ و ٢٠١٦دا تۆمار کراوە، ئەوەش بەهۆی کاریگەریی شەڕی داعشەوە و لە ٢٠١٧ بەدواوە، ژمارەکە بۆ دوو ئەوەندە و زیاتر بەرز بووەتەوە.

ئەو هەڵکشانە لە ڕادەبەدەرەی ژمارەی ئۆتۆمبێل چارەسەر نابێت، تا ئەوکاتەی هێڵەکانی گواستنەوەی گشتی کارا نەکرێنەوە. بەدڵنیایی لەگەڵ بەرزبوونەوەی ژمارەی ئۆتۆمبێل، کاریگەرییە نەرێنییەکانی سووتاندنی بەنزین بەپلەی یەکەم و گازوایل بە پلەی دووەم کە سووتەمەنی دووەمی ئۆتۆمبێلە لە کوردستاندا، زیاتر دەبێت.

هەڵکشانی ژمارەی ئۆتۆمبێل نەک هەر هۆکاری زیاتر پیسکردنی هەوایە، بەڵکو هۆکاری کوشتنی ڕاستەوخۆی خەڵکی هەرێمی کوردستان بە هۆی ڕووداوەکانی هاتووچۆوە. ئامارەکانی هاتوچۆی هەرێم ڕوونی دەکەنەوە، تەنیا ساڵی ڕابردوو چوار هەزار و ١٢٠ ڕووداوی هاتوچۆ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان ڕوویان داوە کە بە هۆیەوە ٦٢٣ هاووڵاتی گیانیان لە دەست داوە و زیاتر لە حەوت هەزار و ١٣٧ هاووڵاتیش بریندار بوون.

٣. مۆلیدەکانی کارەبا

بەهۆی نەبوونی کارەبای نیشتمانی و شکستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دابینکردنی کارەبای نیشتمانی بۆ هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، بەدرێژایی زیاتر لە ٣٠ ساڵی ڕابردوو، مۆلیدەکانی کارەبا کە بە گازوایل ئیش دەکەن، کارەبا بۆ گەڕەکەکانی شار و شارۆچکە و شاردێ و گوندەکانی کوردستان دابین دەکەن.

بەگوێرەی ئامارە فەرمییەکان، تا ئابی ٢٠٢٢ تەنیا لە سنووری پارێزگای هەولێردا، هەزار و ٩٥٠ مۆلیدەی کارەبا هەبووە، کە هەزار و ٥٨ مۆلیدە لە ناوەندی شاری هەولێر و ٨٩٢ مۆلیدەی دیکە لە شارۆچکە و شارەدێیەکانی دەوروبەری هەولێر کاریان کردووە. لەگەڵ هەڵکشانی ژمارەی گەڕەکەکان و گەشەی دانیشتووان و نیشتەجێبوون، ژمارەی مۆلیدەکانی کارەبایش زیاتر بەرز بووەتەوە، لەکاتێکدا تا ساڵی ٢٠١٣، ژمارەی مۆلیدەکانی کارەبا لە سنوری پارێزگای هەولێر، هەزار و ٥٤٠ مۆلیدە بوو: سەنتەری شار ٩٤٠ مۆلیدە و دەوروبەر ٦٠٠ مۆلیدە، لەوکاتەوە تا ئێستا زیاتر لە ٥٠٠ مۆلیدە زیادی کردووە.

دووکەڵی مۆلیدەیەکی کارەبا لە ناوەندی شاری هەولێردا.

بەگوێرەی ئەو خەمڵاندنانەی لە ڕێگەی چەند خاوەن مۆلیدەیەکەوە دەستخراون، هەر مۆلیدەیەک بەشێوەیەکی ئاسایی لە سەعاتێکدا (٤٠) لیتر گازوایل دەسووتێنێت و ڕۆژانە لە کەمترین ئاستدا پێنج سەعات کار دەکەن، بەو جۆرە هەر مۆلیدەیەک لە ڕۆژێکدا لە کەمترین ئاستدا (٢٠٠) لیتر گازوایل دەسووتێنێت، بەو پێیەش بە سەرجەمیان لە ڕۆژێکدا (٣٩٠) هەزار لیتر و لە مانگێکدا (١١) ملیۆن و ٧٠٠ هەزار لیتر گازوایل دەسووتێنن.

ئامارە فەرمییەکان تەنیا ژمارەی ئەو مۆلیدانە پیشان دەدەن کە کارەبا بۆ ماڵان دابین دەکەن، بەڵام سەدان مۆلیدەی دیکەش لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان هەن کە کارەبا بۆ دامەزراوەکانی حکومی، کۆمپانیا و پرۆژەکان بەگشتی دابین دەکەن، جگەلە دەیان و سەدان مۆلیدەی دیکە کە لەلایەن هاووڵاتییانی ئاساییەوە بۆ دابینکردنی کارەبای ماڵەکانیان بەکاری دەهێنن.

ژمارەی مۆلیدەکان لە پارێزگای هەولێردا

ساڵ

شاری هەولێر

دەوروبەر

کۆ

٢٠٠٩

٧٣٠

٢٧٦

١٠٠٦

٢٠١١

٨٤٠

٥٦٠

١٤٠٠

٢٠١٢

٨٣٤

٥٤٣

١٣٧٧

٢٠١٣

٩٤٠

٦٠٠

١٥٤٠

٢٠٢٢

١٠٥٨

٨٩٢

١٩٥٠

سەرجەم مۆلیدەکان بە گازوایل ئیش دەکەن، کە کارەبا بۆ ماڵان، دامەزراوەکانی کەرتی تایبەت و گشتی دابین دەکەن.

مۆلیدەکانی کارەبا لانیکەم بە دوو جۆری زەق ژینگە پیس دەکەن، یەکەمیان دروستکردنی ژاوەژاو کە بەپێی ڕێنماییەکانی ژینگەیی پێویستە ئامێری کەمکردنەوەی دەنگ بەکاربێنن و ژمارەیەکیان بەکاری نایەنن، دووەمیان بەڕێگەی سووتاندنی گازوایل و دەردانی گازە ژەهراوییەکان بۆ ناو هەوا.

مەترسییەکە زیاتر دەبێت، کاتێک دەزانین ئەو گازوایلەی مۆلیدەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاری دێنن، لەڕووی جۆر و کوالێتییەوە خراپە و ئەوەش وا دزەکردنی گازە ژەهراوییەکان بۆ ناو هەوا زیاتر دەکات.

پشکنینەکانی تاقیگەی ناوەندی سەر بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستنیشانیان کردووە، ئەو گازوایلەی هەیە، لەگەڵ پێوەر و ستانداردەکان ناگونجێت. بە نموونە، نووسراوێکی تاقیگەی ناوەندی سەر بە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان کە لە ١١ی ئابی ٢٠٢٢ ئاراستەی فەرمانگەی ژینگەی هەولێری کردووە، دەریدەخات چەندین مادەی گازوایلی پشکنراو لە وێستگەیەکی هەولێردا، لەگەڵ ستانداردەکان ناگونجێن، بە نموونە ڕێژەی سلڤەر (sulfur) کە بەپێی پێوەری دیاریکراو دەبێت (8000 wt ppm- max) بێت، بەڵام لە پشکنینەکەدا ڕێژەکە (40189) بووە، ئەوەش جیاوازییەکی زۆر گەورەیە.

٤. گواستنەوەی نەوت

هێشتا بەشێکی گەورە لە پرۆسەی گواستنەوەی نەوت و بەرهەمەکانی لە هەرێمی کوردستاندا، بەڕێگەی تانکەرەوە دەکرێت. گواستنەوەی نەوت بە تانکەر ڕێگەیەکی باش و گونجاو نییە، چونکە هۆکار دەبێت لە دزەکردنی بەشێک لە گازی تواوەی ناو نەوتەکە و لە کۆتایشیدا پیسبوونی هەوا.

جگە لەو بڕە گازەی لە گواستنەوەی سووتەمەنییەکەدا دزە دەکاتە دەرەوە، خودی کارکردن و جوڵەی زۆری تانکەرەکان هۆکارێکە بۆ پیسبوونی هەوا بەهۆی دروستکردن و دەردانی گازی تانکەرەکانەوە، تانکەرەکان ئاسایی بە بەنزین ئیش دەکەن.

وەرگەڕان و سووتانی تانکەرێکی گواستنەوەی نەوت لە ڕێگەی نێوان هەولێر-کۆیە.

هەرچەند هیچ داتایەکی نوێ ئاشکرا نەکراوە، بەڵام بەگوێرەی ڕاپۆتێکی فەرمی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تا تشرینی دووەمی ٢٠١٥، ڕۆژانە پێنج هەزار و ٣٧٠ جوڵەی تانکەری گواستنەوەی نەوت و بەرهەمەکانی لە هەرێمی کوردستاندا تۆمار کراوە. ئەوکات وەزارەتی سامانە سروشتییەکان پێشبینی کرد بوو، لەگەڵ باشترکردنی ژێرخانی لولەکانی گواستنەوەی نەوتی هەرێم و گۆڕینی وێستگەکانی کارەبا بۆ کارکردن بە گازی سروشتی لەڕێگەی بۆڕییەوە لەبری تانکەر، ژمارەی جوڵەکانی ڕۆژانەی تانکەر تا چارەکی یەکەمی ٢٠١٨ بۆ هەزار و ٦٤١ جوڵە دابەزێت.

٥. سوتاندنی گازی کێڵگەکانی نەوت

هێشتا لە زۆرینەی کێڵگەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا، گازی سروشتی-گازی بە یاوەر یان گازی تێکەڵ بە نەوت- دەسوتێنرێت و هێشتا حکوومەت و کۆمپانیاکان دەستیان بە بەرهەمهێنانی گازی کێڵگەکان نەکردووە. سووتاندنی گازی کێڵگەکان یەکێک لە هۆیەکانی دەردانی چەندین گازی ژەهراوییە بۆ ناو هەوا و کاریگەریی گازە ژەهراوییەکانیش بەگوێرەی ئاراستەکانی با لە کێڵگەکان یان شوێنی سوتاندنی گازەکانەوە بەرەو ناوچەکانی دانیشتووان دەگۆڕێت.

هەرچەند توێژینەوەیەکی دیاریکراو بەردەست نییە، بەڵام ئەنجامەکانی توێژینەوەیەک لەبارەی سووتاندنی گازی کێڵگەکانی نەوتی کەرکووک دەریخستووە کاریگەرییەکە بەگوێرەی ئاراستەی با دەگۆڕێت، لەکاتێکدا ئەو بایەی بەپێی کات و وەرزەکان لە ناوچەکانی کێڵگە نەوتییەکە هەڵدەکات بە ئاراستەی دۆکان و سلێمانییە، لەبەر ئەوە کاریگەری گازە ژەهراوییەکان کە لە ئەنجامی سووتاندنی گازی کێڵگەکە دەردەچێت، بە پلەی یەکەم کاریگەریی لەسەر ناوچەکانی دۆکان و پاشان کاریگەری لەسەر سلێمانی دادەنێت.

٦. سووتاندنی زبڵ و پاشماوەکان

لەبەر ئەوەی زبڵ و پاشماوە لە هەرێمی کوردستاندا بەڕێگەی ستاندارد و زانستی کۆناکرێتەوە و چارەسەری بۆ ناکرێت، لەبەر ئەوە بەگشتی لە زۆرینەی شوێنەکانی کۆکردنەوەدا، دەسووتێنرێت. سووتاندنی زبڵ و پاشماوەکان کە بەشێکی زۆر مادەی پلاستیکی لەخۆدەگرێت، لە تەواوی زبڵدانە سەرەکی و لاوەکییەکاندا تێبینی دەکرێت و زۆرجاریش گومان دەکرێت کارەکە بە ئەنقەست بێت.

فڕێدان و سووتاندنی پاشماوەکان لە سنووری کێڵگەی نەوتی تەقتەق لە ڕۆژهەڵاتی هەولێر.

ئەگەر پاشماوەکان لە زبڵخانەکانی شارە گەورەکاندا زۆرجار دەسوتێنرێت، پاشماوە و زبڵی سەدان و هەزاران گوند لە سەرتاسەری کوردستاندا، بەگشتی لە شوێنێکی چاڵ و کەندەڵاندا فڕێ دەدرێت و زۆرجاریش دەسووتێنرێت بۆ ئەوەی زیاتر بەسەریەکەوە کەڵەکە نەبێت.

 

 

هاوبەشەكانمان